ڕاستەوخۆ

ستارلینک بە فەرمی لە عێراق کەوتە کار؛ نرخی ئامێر و بەشداریکردن ڕاگەیەندرا

reset font size increase font size

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ڕایگەیاند کە ڕۆژی چوارشەممە خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "ستارلینک" (Starlink) بە فەرمی لە عێراق دەستیان پێکرد، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ فراوانکردن و بەهێزکردنی تۆڕەکانی ئینتەرنێت، بەتایبەت لە ناوچە دوورەدەست و کەنارخراوەکاندا. 

واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە لە نێوان کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و گەیاندن و کۆمپانیای ستارلینکدا، لە کاتی سەردانەکەی ئەم دواییەی عەلی الزێدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا ئەنجامدرا، کە تێیدا سەرۆک وەزیران و شاندی هاوڕێی چەندین گرێبەستی گەورەیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی جیاجیادا واژۆ کرد.

لە لێدوانێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بلیغ ئەبو کەلال، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن نووسیویەتی: "بە فەزڵی خودا، دەستپێکردنی ڕاستەقینەی خزمەتگوزاری ستارلینک لە عێراق ئەنجامدرا."

نرخ و خشتەی خزمەتگوزارییەکان

نرخی بەشداریکردن و ئامێرەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت:

نرخی ئامێرەکە: نزیکەی ۳٥٠ دۆلاری ئەمریکی.

بەشداریکردنی مانگانە: بۆ خێرایی بنەڕەتی (١٠٠ مەگابایت لە چرکەیەکدا)، نرخی مانگانەی نزیکەی ٨٧ دۆلارە (بەم بەرامبەرە لە ئەمریکا نزیکەی ٥٥ دۆلارە). 

شۆڕشێک لە جیهانی پەیوەندییەکاندا

ستارلینک دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ ناوچە دوورەدەستەکان، چونکە پشتی بە مانگە دەستکردە خێراکانی خولگەی نزم (LEO) بەستووە، بەمەش پێویستی بە کێبڵ و تاوەرە نەریتییەکانی گەیاندن نەماوە. ئەم خزمەتگوزارییە ئینتەرنێتی خێرا دەگەیەنێتە ئەو شوێنانەی کە هێڵی ئینتەرنێتی کۆنی مانگی دەستکرد (جیۆستەشنەری) یان کۆمپانیا ناوخۆییەکان پێیان ناگات. 

جێگەی باسە، ئەم ڕێککەوتنە مێژووییە لە کاتی لووتکەی بازرگانیی عێراق و ئەمریکا کە لەلایەن ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە واشنتن ڕێکخرابوو، واژۆ کرا.

بە گوتەی ژووری بازرگانی، کۆی گشتی ئەو گرێبەستانەی لە سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا واژۆ کراون، بە بڕی زیاتر لە ٦٠ ملیار دۆلار خەمڵێنراون، کە تێیاندا هاوبەشیی نێوان وەزارەتەکانی عێراق و کۆمپانیا گەورەکانی وەک ئێکسۆن مۆبیل، کەی بی ئاڕ، جی ڤێرنۆڤا، شێڵ و هالیبەرتۆن هەن.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.