دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ لە شاری بەغدا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەحمەد جاسم سابر ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەرکرد.
بڕیارەکە بە گوێرەی مادەی 319ی یاسای سزاکانی عێراق دەرچووە و تۆمەتی وەرگرتنی "قازانجی نایاسایی" و بەرژەوەندیی تایبەتی لەو گرێبەستانەدا خراوەتە پاڵ، کە پەیوەندییان بە وەزارەتەکەیەوە هەبووە.
بە گوێرەی نووسراوە فەرمییەکە، داوا لە هێزە ئەمنییەکان کراوە ناوبراو دەستگیر بکەن و ڕادەستی دەستەی دەستپاکی عێراقی بکەن. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ داواکارییەک بۆ پەرلەمانی عێراق تاوەکو پارێزبەندی لەسەر نازم ئەسەدی پەرلەمانتار لابدات، کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان، گومان دەکرێت هەردوولا ڕێککەوتبن لەسەر دامەزراندنی کۆمپانیایەک لەسەر ناوی یەکێک لە پاسەوانەکانیان بە مەبەستی بەدەستهێنانی گرێبەستەکانی وەزارەتی کار و مۆڵەتی هێنانی کرێکاری بیانی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت.
پێشتر لە 21ی تەممووزی 2026، دەنگۆی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی بڵاو بووەوە، بەڵام ئەسەدی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاندبوو، لە کاتی گەشتی چارەسەری پزیشکیدا لە دەرەوەی وڵات، یەکێک لە کەسە نزیکەکانی سەرپێچیی کردووە.
ئەحمەد ئەسەدی ساڵی 1971 لەدایکبووە و دانیشتووی گەڕەکی قادسیەی بەغدایە، لە ساڵی 2014 فەرماندەیی گروپی "جوندولئیمام"ی کردووە (کە ئێستا لیوای 6ی حەشدی شەعبییە). لە ساڵی 2019 هاوپەیمانیی سەنەدی نیشتمانی و لە ساڵی 2020 بزووتنەوەی سۆمەریونی دامەزراندووە. لە کابینەی پێشووی حکومەتی عێراقدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بووە و یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی.