سەلاحەدین دەمیرتاش و سەلجوق مزمڕاکلی، دوو کەسایەتیی دیاری سیاسی باکووری کوردستان لە ڕێگەی پەیامێکی هاوبەشەوە لە زیندانەوە، داوایان لە ئەنجومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا کرد، بە دەنگدان لەسەر یاسای چوارچێوە، هەنگاوێکی مێژوویی و ئازایانە بەرەو بونیادنانی ئاشتی و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە وڵاتدا بنێن.
لە پەیامەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، ئەم پرۆسەیە ئاڵوگۆڕێکی سیاسی نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی شەڕی 40 ساڵە و بەهێزکردنی تەبایی و ئارامی لە نێوان تەواوی پێکهاتەکاندا. ئاماژەیان بەوە کردووە، پێویستە ئەم بڕیارە پەرلەمانییە ببێتە دەستپێکی چاکسازییەکی ڕیشەیی لە بوارەکانی دیموکراسی، دادپەروەری و ئازادییەکاندا.
دەمیرتاش و مزمڕاکلی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیاندا، پێزانینی خۆیان بۆ خواستی سیاسی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، دەولەت باخچەلی و سەرکردەی پارتە سیاسییە جیاوازەکان دەربڕی، کە ڕۆڵیان لە ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە مێژووییەدا هەبووە. هاوکات ڕێزیان لە هەوڵەکانی ڕێکخستنەکانی دەم پارتی و شاندی ئیمڕاڵی گرت و بە ڕێزەوە یادی سڕی سورەیا ئۆندەریان کردەوە.
دەقی پەیامەکە:
بەڕێز سەرۆک، بەڕێزان هاوسەرۆکان و پەرلەمانتاران
لە ناخی دڵمانەوە ڕێز و سڵاوی گەرمی خۆمان ئاڕاستەی یەکە بە یەکەتان دەکەین.
ئەمڕۆ بە پشتیوانیی خوا، هەمووتان پێکەوە هەنگاوێکی تری چارەنووسساز و مێژوویی لە هەوڵەکانی ئاشتیدا دەهێننە دی، کە توانای هەیە چارەنووسی وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان بە شێوەیەکی بنەڕەتی بگوڕێت.
بێگومان گفتوگۆ، ڕەخنە و پێشنیاز دەبن، هەریەک لەوانەش بەنرخن و جێی بایەخن. بەڵام دەمانەوێت ئەوە بزانرێت، کە ئێمە بە تەواوی بڕوا، دڵسۆزی و جددییەتەوە لەم پرۆسەیەدا بووین، تەنیا بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی ئارامی، خۆشگوزەرانی و خوشک و برایەتی 86 ملیۆن هاوڵاتی و بە تەواوی توانامانەوە پشتیوانیی ئەم پرۆسەیەمان کردووە.
ئەم پرۆسەیە پرۆسەی لێکجیابوونەوە، پەرتەوازەیی یان ئاڵوگۆرێکی هەرزان نییە. پێویستە هیچ کەسێک کاتی خۆی بەدوای حیساباتی شاراوە و پلانی گڵاو لە پشت ئەم هەوڵە بەنرخانەدا بەفیڕۆ نەدات و وزەی خۆی لەدەست نەدات. ئەو لایەنانەی بە گومانەوە دەڕوانن یان پێشبینی نەرێنییان هەیە، تا حەز دەکەن با لێکۆڵینەوە بکەن، لە ژێر ئەم پرۆسەیەدا ئارەزووی لە ئامێزگرتنی یەکتر، خوشک و برایەتی هەزار ساڵە و هەستی پێکەوەبوونی کورد و تورک بۆ دروستکردنی تورکیایەک زیاتر، هیچ شتێکی دیکە نادۆزنەوە.
هەر هەنگاوێک کە نراوە و بنرێت، زەمینە بۆ ئاسۆی نوێ، چاکسازیی نوێ و ژیانێکی نوێ خۆش دەکات. بێگومان دەبێت ئەم هەوڵانە بە چاکسازیی بەهێز لە بوارەکانی دیموکراسی، دادپەروەری، یەکسانی و ئازادی بەردەوام بن و هاوکار بن لە بەدەستهێنانی ئەو ژیانە ئارامەی گەلەکەمان شایستەیەتی. بۆ ئەمەش سوودی گەورەی هەیە، کە هەموو لایەک بە وردی، هەستیاری و جددییەتەوە مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا بکەن.
لە ئەنجامی دۆخی شەڕی 40 ساڵەدا، دەتوانین بڵێین هیچ کەسێک نەماوەتەوە دڵی بریندار نەبێت. بەم هۆیەوە، دەبێت بە هەڵوێستێکی بەئەزموون، بڕوا بەخۆبوو و ئەخلاقییەوە پرۆسەکە بەرەو پێش ببەین، بەبێ ئەوەی ببینە هۆی دروستبوونی دیمەنی سەرکەوتنخوازانە یان هەستی دۆڕان و نائارامی لە لایەنەکانی دیکەدا. دەبێت بە هاوبەشکردنی ئازارەکانمان و بەجێهێشتنیان، دەست لە ناو دەست بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین.
پەرلەمانتارانی بەڕێز،
هیوادارین هەر دەنگێک دەیدەن، لە پێناو بەهێزکردنی ئاشتی، یەکێتی و خوشک و برایەتییەکەمان بێت و ڕەخنە و ئاگادارکردنەوەکانتان لەسەر بنەمایەکی بنیاتنەرانە دەربڕدرێن. بڕوامان وایە ئەم هەنگاوە کە خێر بۆ هەموومان دەهێنێت، دەرگای نوێ لە سیاسەتدا دەکاتەوە و نەزاکەت، هاوکاری و بە ئەزموونی بەدەست دەهێنێت.
لە ڕێگەی ئەم دەرفەتەوە، سوپاسی تایبەتی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێز سەرۆک کۆمار و بەڕێز دەوڵەت باخچە دەکەین، کە وەک ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز لە دەستپێکردن و بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسە سەختەدا دەركەوتن، هاوکات سوپاسی زۆری بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین بۆ هەوڵە گەورەکانی لە پێناو ئاشتیدا.
دەستخۆشی لە بەڕێزان نومان کورتولموش، ئۆزگور ئۆزەل، مەحمود ئاریكان، عەلی باباجان، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەرکان باش، سەید ئەسلان، کەمال کڵچدارئۆغڵو و زەکەریا یاپیجیۆغڵو دەکەین بۆ پشتگیری و هاوکارییەکانیان لەم پرۆسەیەدا.
سوپاسی بەڕێزان موساوات دەروێشئۆغڵو و فاتیح ئەرباکان دەکەین، کە سەرەڕای ڕەخنە نەرێنییەکانیان، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هاوکار بوون لە پرۆسەکەدا.
بێگومان سوپاسی تایبەتمان بۆ هاوڕێیانمان لە دەم پارتی، بەتایبەتی هاوسەرۆکانمان بەڕێز تونجەر باکرهان و بەڕێز تولای هاتیمۆغۆلاری و ئەندامانی شاندی ئیمڕاڵی هەیە. لەم دەرفەتەدا بە ڕێز و حورمەتەوە یادی هاوڕێمان سڕی سورەیا ئۆندەر دەکەینەوە و سڵاوی گەرم بۆ تەواوی پەرلەمانتاران دەنێرین.
سوپاسی تایبەتمان بۆ تەواوی ئەو سەربازە ونانە هەیە، کە لە پشتی پەردەی ئەم پرۆسەیەدا ڕەنجیان داوە.
خودا لە هەر کەسێک ڕازی بێت، کە یارمەتیدەری ئاشتی بووە و دڵۆپێک ئاوی بۆ کوژاندنەوەی ئەم ئاگرە ڕشتووە. هیوادارین ئەم یاسایەی دەردەچێت خێر بۆ هەمووان بهێنێت.
جارێکی دیکە سڵاو لە ئەنجومەنی گشتیی پەرلەمان دەکەین.
سەلاحەدین دەمیرتاش / سەلجوق مزمڕاکلی
9ی ئابی 2026