لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای چوارچێوەی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی پەسەند کرد، کە بە "یاسای بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی" ناسراوە.
پڕۆژەیاساکە کە دوێنێ لە چوارچێوەی پۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا پێشکەشی لیژنەکە کرابوو، دوای دەنگدان لەسەر ماددەکان و پەسەندکردنی کۆتایی، ڕەزامەندیی لەسەر درا. دانیشتنەکەی لیژنەی داد کە ١٨ کاتژمێری خایاند، ڕووبەڕووی گرژی و ئاڵۆزی بووەوە، بەتایبەت لە کاتی خستنەڕووی ناڕەزایەتییەکانی "ئیی پارتی" سەبارەت بە بڕگەکانی یاساکە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لایەنە سیاسییەکان تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەرفەتیان هەبوو تێبینی و ناڕەزایەتییە فەرمییەکانیان لەسەر دەقی پڕۆژەکە تۆمار بکەن. چاوەڕوان دەکرێت دوای ٤٨ کاتژمێری دیکە، پڕۆژەیاساکە بە مەبەستی دەنگدانی کۆتایی ڕەوانەی کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیا بکرێت.