لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی کەرخی بەغدا و بەڕێوەبەرایەتیی مادە هۆشبەرەکانی هەولێر، دەست بەسەر چوار کیلۆگرام مادەی هۆشبەری کریستاڵ و بڕێک چەک و تەقەمەنیدا گیرا، هەروەها دوو تۆمەتبار دەستگیرکران کە یەکێکیان بە "زۆر مەترسیدار" دەستنیشان کراوە.
عەمید عەباس بەهادلی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 7ی ئەیلولی 2026، ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە لە شاری هەولێر ئاڵوگۆڕی زانیاریی لەسەر کراوە و ئەنجام دراوە. دەستگیرکراوە سەرەکییەکە بەهۆی دەیان مەلەفی جیاوازەوە داواکراوی دەستەڵاتی دادوەری بووە.
ئاماری بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە ساڵی 2026دا بەم شێوەیەیە:
- دوو تۆن و 370 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.
- 4,644 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنان سزادراون (69 سزای لەسێدارەدان و 267 سزای زیندانی تاهەتایی).
- 304 تۆڕی ناوخۆیی و 54 تۆڕی نێودەوڵەتی هەڵوەشێندراونەتەوە؛ هاوکات 21 ئۆپەراسیۆنی دەرەکی ئەنجام دراون و 43 فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دەرکراون.
- 32 رووبەڕووبوونەوەی چەکداری ڕوویانداوە؛ سەرئەنجام کارمەندێکی ئەمنی و 3 بازرگانی مادەی هۆشبەر کوژراون، هەروەها 31 کارمەندی ئەمنی و 23 بازرگان بریندار بوون.