ڕوانگەی «ئیکۆ»ی عێراقی بۆ بەدوادواچوون و هەڵسەنگاندنی باری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، %81ی کۆی گشتیی خەرجییەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ بودجەی بەکاربردن (مووچە و چاودێریی کۆمەڵایەتی) تەرخان دەکرێت، لە بەرامبەردا تەنیا %6ی بودجەی گشتی بۆ کەرتی وەبەرهێنان تەرخان کراوە.
پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتیی بودجەی عێراقدا بە %11.58 دیاری کراوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕوانگەی ئیکۆ، ئەو %6ەی کە بۆ وەبەرهێنان دەمێنێتەوە، بەسەر سێکتەرەکانی ئاوەدانکردنەوە، پیشەسازی، پەروەردە، کشتوکاڵ و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا دابەش دەکرێت، بەجۆرێک کەرتی کشتوکاڵ کەمتری پشکی بەرکەوتووە و ئاستی تەرخانکراوی دارایی بۆی نزیکە لە سفر.
مۆدێلی دارایی ئێستای عێراق، کە پشت بە بەرزبوونەوەی بەردەوامی بودجەی بەکاربردن دەبەستێت لەسەر حسابی وەبەرهێنان، زیانی ڕاستەوخۆ بە توانای ئابووریی وڵات دەگەیەنێت و هەلەکانی گەشەپێدانی سێکتەرە نانەوتییەکان و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخان ڕووبەڕووی پاشەکشەی جددی دەکاتەوە.