عێراق و تورکیا ڕێککەوتنێکی ستراتیژییان لە بواری نەوتدا واژۆ کرد و لەسەر هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان ڕێککەوتن، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ڕێککەوتنەکە بە دەستکەوتێکی گرنگ ناودەبات.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پۆستێکدا لە بارەی ڕێککەوتنەکەوە ڕایگەیاند، گەیشتن بەو ڕێککەوتنە لەگەڵ حکوومەتی تورکیا دەستکەوتێکی گرنگە بۆ هەناردەکردنی سەدان هەزار بەرمیل نەوتی عێراق لە ڕێگەی تورکیاوە.
بەپێی ڕێککەوتنەکە کە هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و وزەی تورکیا واژۆیان کردووە، بۆ بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، ڕۆژانە بڕی ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ پەرەپێدانی هاریکارییە ئابورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێککەوتنە گشتگیرەکە لە بوارەکانی ئاو، کارەبا و وزەدا، پەرە بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی بەغدا و ئەنقەرە دەدات و کاریگەرییەکی ئەرێنی دەبێت لەسەر گەشەپێدان و سەقامگیریی ناوچەکە.
لە لای خۆیەوە، تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ستایشی ئەو ڕێککەوتنەی نێوان عێراق و تورکیای کرد و بە هەنگاوێکی گەورەی دیپلۆماسی و گەشەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات وەسف کرد.