بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ڕایگەیاند، گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان بۆ بەرهەمهێنانی خۆراکی لەڕادەبەدەر دەستکاریکراو (UPF)، بە تۆمارکردنی سکاڵای دادوەری دژی ئەو حکوومەتانەی هەوڵی برەودان بە خۆراکی تەندروست دەدەن، ڕێگری لە هەوڵە جیهانییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی قەڵەوی دەکەن.
تێدڕۆس ئادانۆم غەبرەیسووس ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا نزیکەی ١ ملیار کەس لە جیهاندا بە دەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن و خۆراکی نەگونجاو یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەخۆشییە مەترسیدارەکان، کۆمپانیاکانی خۆراک لە ڕێگەی سکاڵای دادوەرییەوە هەوڵی لاوازکردن یان دواخستنی ڕوشوێنە تەندروستییەکان دەدەن.
لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆژنامەی گاردییان دەریدەخات کە لە ساڵی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٥ نزیکەی ٢٣٥ سکاڵا دژی سیاسەتە تەندروستییەکانی تایبەت بەو خۆراکانە لە وڵاتانی جیاواز تۆمار کراون.
سەرەڕای ئەوەی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا حکوومەتەکان سەرکەوتوو بوون، بەڵام ئەم دادبینییە درێژخایەنانە ملیارها دۆلاریان تێچووە و بوونەتە هۆی دواخستنی ڕوشوێنە گرنگەکانی تەندروستیی گشتی