ئەمیندارێتیی گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کە یەکێکە لە گروپە دیارەکانی ناو (موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق) و وەک فەوجی 14ی حەشدی شەعبی دەناسرێت، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئامادەیی خۆی بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا نیشاندا، بەڵام بە جێبەجێکردنی 10 مەرجی سەرەکی، کە بەشێکیان ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێوە.
ڕۆژی شەممە، 29ی ئابی 2026، گروپەکە ڕایگەیاند، هەڵگرتنی چەک لەلایەن ئەوانەوە بڕیارێکی ئارەزوومەندانە نەبووە، بەڵکو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان بووە و ئاماژەیان بەوە کرد، لە حالەتی نەمانی ئەو پاساوانەدا، چەکەکەیان تێکەڵی دامەزراوە فەرمییەکان دەکەن.
مەرجەکانی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بۆ ڕادەستکردنی چەک بریتیین لە:
1- کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لە سەرتاسەری عێراق.
2- پەسندکردنی یاسای حەشدی شەعبی بە جۆرێک ماف و شکۆی چەکدارانی بپارێزێت.
3- سەپاندنی سەروەریی فیدراڵی بەسەر تەواوی خاکی عێراق و کۆنترۆڵکردنی ئاسمان لە ڕێگەی سیستمی بەرگریی پێشکەوتووەوە.
4- دەرکردنی گەریلاکانی پەکەکە لە عێراق بۆ بڕینی پاساوی هێرشەکانی تورکیا، لەگەڵ کشانەوەی تەواوەتی سەربازانی تورکیا بۆ ناو سنورەکانی خۆیان.
5- کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم دەروازە سنورییەکان لەلایەن سوپای عێراق و حکومەتی فیدراڵییەوە.
6- دەرکردنی گروپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان) تاوەکو خاکەکەی نەبێتە بنکە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
7- کۆتاییهێنان بە هەژمون و دەستوەردانی ئەمریکا لە بڕیارە دارایی، ئابووری و سیاسییەکانی عێراق و ڕاگرتنی ڕۆڵی باڵیۆزخانەکەی لە کاروباری ناوخۆدا.
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە ساڵی 2013 دامەزراوە و لەلایەن ئەبو ئالا وەلائییەوە سەرکردایەتی دەکرێت. گروپەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەم مەرجانە تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانن.