پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی سووتەمەنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات و وەزیری نەوت و تیمی وەزارەتەکەش بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن.
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی کە فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی قەیرانی سووتەمەنی لە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کۆدەبێتەوە. بڕیارە لەو کۆبوونەوەیەدا ڕێکارەکانی حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە تاوتوێ بکرێن و بڕیاری پێویست بۆ ڕێگری لە تەشەنەسەندنی بدرێت.
لە لایەکی ترەوە، بڕیارە سبەی دووشەممە پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تری ساز بکات و تێیدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بکرێت، هەروەها خوێندنەوەی دووەمیش بۆ سێ پڕۆژەیاسای دیکە ئەنجام بدرێت.