بۆ یەکەمین جار لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئێران، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکە لە دەرەوەی گەرووی هورمز و لە ڕێگەی بەندەرەکانی عومانەوە.
ماڵپەڕی بلومبێرگ بە پشتبەستن بە چەند نووسراوێکی فەرمیی کۆمپانیای سۆمۆ ئاشکرای کردووە، کۆمپانیاکە ئامادەیە نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەرەکانی عومانەوە بباتە بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش وەک ڕێگەچارەیەک بۆ دەربازبوون لە ئاستەنگەکانی گواستنەوە لە گەرووی هورمزدا.
ئەم بڕیارەی سۆمۆ لە کاتێکدایە، ئێران داوا لە بەغدا دەکات لە بەرامبەر ڕێگەدان بە تێپەڕبوونی کەشتییە بارهەڵگرەکانی عێراق بە گەرووی هورمزدا، تەواوی قەرزەکانی تاران پاکتاو بکات، کە بڕەکەی نزیکەی 12 ملیار دۆلارە و پەیوەستە بە شایستە داراییەکانی هاوردەکردنی غاز و کارەباوە.