ئەمڕۆ دووشەممە، 21ی ئەیلولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پیرۆزبایی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە کرد بەبۆنەی ڕاگەیاندنی تەواوبوونی پرۆسەی یەکخستنەوەی پێکهاتەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا.
پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای ئەوە هات، لە ڕێوڕەسمێکدا بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، یەکخستنی تەواوەتیی هێزەکان ڕاگەیەندرا. کڕۆکی ئەم هەنگاوە مێژوویییە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی یەکەی 80ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکەی 70ی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گۆڕینیان بۆ دوو فەرماندەییی سەربازیی فەرمی بە ناوەکانی «دەڤەری 1» و «دەڤەری 2».
عەلی فالح زەیدی جەختی کردەوە، یەکخستنی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە چوارچێوەی دەستوور و یاساکاندا و بەهێزکردنی هەماهەنگی لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کاری دامەزراوەیی دەچەسپێنێت، ئاسایشی نیشتمانی جێگیر دەکات و بڕیاری بەرگری لە وڵاتدا یەک دەخات.
شایەنی باسە پرۆسەی ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە چەندین قۆناغی بڕیوە، لە ساڵانی 2010 بۆ 2013 نزیکەی 42 هەزار پێشمەرگەی هەردوو یەکە خرانە نێو 14 لیوای هاوبەش، بەڵام ئاڵۆزییە سیاسییەکان، شەڕی داعش لە ساڵی 2014 و ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017 پرۆسەکەیان سست کرد.
لە ساڵی 2018دا بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، پرۆژەیەکی 35 خاڵی بۆ چاکسازی داڕێژرا و قۆناغی یەکەمی کرداری لە ساڵی 2022وە دەستی پێکرد تاوەکو ئەمڕۆ بە یەکخستنی تەواوەتی گەییشتە ئامانج.