وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پاڵاوگە نیشتمانییەکان بە تەواوی توانای بەرهەمهێنانیانەوە کار دەکەن و کۆگای ستراتیژیی سووتەمەنی ڕێکخراوە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، هەناردەکردنی نەوت لە باشوور و باکوورەوە گەیشتووەتە 2.6 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، سەرەڕای ئاڵۆزی و ئاستەنگەکانی گەرووی هورمز.
سەلیم ڕووکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوت، ڕوونی کردەوە، بەستنی گرێبەستی درێژخایەن بۆ دابینکردنی بنزینی موحەسەن و گازوایل بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ و بەهێزکردنی کۆگای ستراتیژییە، بە شێوەیەک ڕۆژانە نزیکەی چوار تا پێنج هەزار مەتر سێجا بەپێی بەردەستبوونی هاوردە دابین دەکرێت.
گوتەبێژی وەزارەت ئاشکرایشی کرد، پلانیان هەیە لە ڕێگەی فراوانکردنی پاڵاوگەکانی دیوانییە و میسانەوە توانای پاڵاوتن زیاتر بکەن.
لەبارەی هەناردەکردنیشەوە ئاماژەی بەوەدا، پشکی شێر لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوەیە کە نزیکەی 2.4 ملیۆن بەرمیلە و کەوتووەتە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا، هەروەها نزیکەی 200 هەزار بەرمیلیش لە ڕێگەی دەروازەکانی باکوورەوە، لە تورکیا و سوریاوە، هەناردە دەکرێت.