هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شێعەکان بە توندی بەکارهێنانی خاکی عێراقی بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ ڕەت کردەوە و بە هێڵی سور ناوهێنا.
ئەم هەڵوێستە لە کۆبوونەوەی درەنگانی شەوی ڕابردووی هاوپەیمانییەکەوە هات، کە بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوە چوو و تێیدا تاوتوێی دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوخۆ و ناوچەکە کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامی گفتوگۆ و دیدارەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران خستە ڕوو و سەرکردەکانی چوارچێوەش پشتیوانیی خۆیان بۆ ههنگاوهکانی حکومەت لە پەیوەندییە دەرەکییەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەروەها چەککردنی گروپە چەکدارەکان دووپات کردەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی کردەوە، هەر جووڵەیەکی ناپێویست و بەکارهێنانی خاکی وڵات بۆ پەلاماردانی دەوروبەر، پێچەوانەی سیاسەتی ڕەسمیی بەغدایە و زیان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق دەگەیەنێت.
ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە، دوێنێ وەزارەتی بەرگریی سعودیە باسی لە ئەنجامدانی هێرشی درۆنی لە خاکی عێراقەوە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی کردبوو، هاوکات بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە عەلی زەیدی بە سەردانێکی ڕەسمی ڕوو لە سعودیە بکات.