کەمتر لە سێ هەفتە ماوە بۆ ئەو وادەیەی کە حکومەتی عێراق بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان دیارییکردووە (٣٠ی ئەیلول)، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و گرووپەکان ڕەتیدەکەنەوە چەک دانێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی (ئەخباری لوبنانی)، سەرەڕای ئەوەی لیژنە سێ کەسییەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی (پێکهاتوو لە نوری مالکی، محەمەد شیاع سودانی و هادی عامری) چەندین گەڕی گفتوگۆی لەگەڵ گرووپەکان ئەنجامداوە بۆ تێکەڵکردنیان بە دامەزراوە فەرمییەکان، بەڵام تا ئێستا گفتوگۆکان هیچ ئەنجامێکی نەبووە و هیچ پێشکەوتنێک لە پرسی چەکداناندا نییە.
لە نوێترین هەڵوێستدا، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا جەختیان کردەوە کە لە وادەی دیاریکراودا چەک نادەنە دەستەوە، تا ئەو کاتەی گەرەنتیی تەواو بۆ سەقامگیری و سەروەریی عێراق دەکرێت و هێزە بیانییەکان، بە سوپای ئەمریکا و تورکیاشەوە، بەتەواوی لە عێراق دەکشێنەوە.
ئەم گرووپانە پێیان وایە کشانەوەی ئەمریکا تەنیا ڕووکەشە و تا ئاسمان و زەوی و سنووری عێراق پارێزراو نەبن، بوونی چەکی بەرگری پێویستە.
لە بەرامبەردا، هەندێک لە گرووپە سەرەکییەکانی دیکە وەک سەرایا سەلام، عەسائیب و کەتیبەکانی ئیمام عەلی، پێشتر چەکیان داناوە و تێکەڵ بە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت بوون.