نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان بە سەردانێکی فەرمی ڕوودەکاتە بەغدا.
تەوەری سەرەکیی سەردانەکەی گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر پڕۆژەی هێڵی بۆریی نەوتی "عێراق - سووریا - لوبنان".
بڕیارە ئەمڕۆ (26ی تەممووزی 2026) سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە بەغدا لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە شایەتی گفتوگۆی چڕە لەسەر کۆریدۆرەکانی ئینەرجی و هێڵەکانی گواستنەوە، هاوکات وەک هەوڵێکی لوبنان دەبینرێت بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی لەگەڵ عێراق، سووریا و تورکیا و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی.
لە ستافی هاوڕێی سەرۆکوەزیرانی لوبناندا چەندین بەرپرسی باڵا بەشدارن، لەوانە: یاسین جابر، وەزیری دارایی؛ جۆ ئەلسەعدی، وەزیری ئینەرجی و لیوا حەسەن شاکر، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی.
کاتی ئەم سەردانە سەرنجڕاکێشە، چونکە ڕاستەوخۆ دوای ئەوە دێت کە عێراق و سووریا یاداشتی لێکتێگەیشتنیان بۆ دووبارە کاراکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی خاوی کەرکووک - بانیاس ئیمزا کرد.
لە لایەکی دیکەوە، ئەنتوان حەبیب، سەرۆکی کۆمەڵەی پەرەپێدانی تەرابلوس و بەندەرەکان، پێشوازی لە بووژانەوەی پڕۆژەکانی ئینەرجی لە ناوچەکەدا کرد و ئاماژەی بەوە کرد، نۆژەنکردنەوەی پاڵاوگەی تەرابلوس "پڕۆژەیەکی گەورەی نیشتمانییە".
ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە هەزاران دەرفەتی کار دەڕەخسێنێت، جووڵەی بازرگانی و دەریایی دەبووژێنێتەوە و شوێنەواڕ و پێگەی ستراتیژیی لوبنان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا دەگەڕێنێتەوە.