ڕاستەوخۆ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕێککەوتنی ئاوی لەگەڵ تورکیا و بەکارهێنانی بەندەری بانیاسی سووریای پەسندکرد

reset font size increase font size

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی شەوی ڕابردوویدا ڕێککەوتنی ئاوی لەگەڵ تورکیا پەسندکرد و ڕەزامەندیی لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ سووریا دەربڕی بۆ گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەری بانیاسەوە. هاوکات بڕیاری دادانی دوو ڕۆژ پشووی فەرمیی بۆ ڕۆژانی چلەی ئیمام حسێن دا.

ڕێککەوتنی ئاو لەگەڵ تورکیا

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بارودۆخی گشتیی وڵات و چەندین پرسی ستراتیژی کراوە.

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و ئەنقەرەی لە بواری بەڕێوەبردنی ئاودا پەسندکرد، کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی سووریاوە

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جەختی لەسەر گرتنەبەری پلانی هەمەجۆرکردنی ڕێگەکانی هەناردەکردنی نەوت کردەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، ڕەزامەندی لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزەی سووریا دەربڕدرا.

یاداشتەکە پەیوەستە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی بۆریی گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بەندەری بانیاسی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست، بە مەبەستی گەیاندن و فرۆشتنی نەوتی عێراق بە بازاڕەکانی جیهان.

دوو ڕۆژ پشووی فەرمی ڕاگەیەندرا

سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن و کارئاسانیی بۆ هاتوچۆی زیارەتکاران، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی داهاتوو (3 و 4ی ئاب) لە تەواوی دامودەزگا فەرمییەکانی دەوڵەتدا بکرێتە پشووی فەرمی.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.