بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «نیویۆرک پۆست»، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا پلانێکی سەربازیی ئاڵۆز تاوتوێ دەکەن بە مەبەستی چوونە ناو بنکە ئەتۆمییەکان لە قووڵایی خاکی ئێران و دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆپراسیۆنەکە بەشێوەی زەمینی دەبێت و پێویستی بە هەزاران سەرباز و هێزی تایبەت هەیە بۆ گەمارۆدانی بنکە ستراتیژییەکانی وەک فۆردۆ و ئەسفەهان، هەروەها تیمە سەربازی و ئەندازیارییەکان دەبێت ڕێڕەوە ڕوخاوەکان بکەنەوە، مینە چێنراوەکانی سوپای پاسداران پووچەڵ بکەنەوە و ڕێڕەوێکی ئاسۆیی و ئاسمانی بۆ ڕزگارکردن و گواستنەوەی کەرستەکان دابین بکەن.
شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن، کە هۆکاری بیرکردنەوە لە ئۆپراسیۆنێکی زەمینیی لەم جۆرە، بنبەستبوونی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان و گومانە لەوەی ئایا هێرشی ئاسمانی دەتوانێت بەتەواوەتی ناوەندە ئەتۆمییە قووڵەکانی ژێر زەوی تێکبشکێنێت یان نا.
هاوکات شارەزایان هۆشداری دەدەن، ئۆپراسیۆنەکە تێچوویەکی سەربازیی گەورەی دەوێت، بەهۆی ئەوەی پاراستنی ناوچەیەکی گەورەی شەڕ لەناو خاکی ئێراندا بۆ ماوەیەکی زۆر بە مەبەستی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو، ئاسان نییە.