ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە گوتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک هۆشداریدا لەوەی سیستمی خێزانی نەریتی رووبەڕووی هێرشێکی جیهانی بووەتەوە کە لە ڕێگەی سیاسەتەکانی جێندەرەوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، سیاسەتەکانی جێندەر لە ئاستی جیهان بوونەتە گەمارۆیەک بۆ سەر منداڵانی بێتاوان و خێزانەکان، جەختیشی لەوە کردەوە، تەنیا لە ڕێگەی پاراستنی خێزان (کە لە ژن و پیاو پێکدێت) دەکرێت ئەم گەمارۆیە بشکێندرێت.
سەرۆککۆماری تورکیا دووپاتی کردەوە، سەرەڕای هەوڵی لۆبییەکان، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکان بۆ بەرگریکردن لە خێزان و منداڵان.
ئەم لێدوانەی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت، لە 13ی ئەیلولدا تورکیا هەڵمەتێکی فراوانی دژی هاوڕەگەزخوازان دەستپێکرد و فەرمانی گرتنی بۆ 162 کەس دەرکرد بە ئامانجی پاراستنی بنەمای خێزان.