ڕاستەوخۆ

36ـەمین لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە دەستی پێکرد؛ ڕێوشوێنی توندی ئەمنی و گرێبەستی ملیار دۆلاری لە ڕۆژەڤدایە

reset font size increase font size

ئەمڕۆ 36ەمین لووتکەی سەرۆک و ڕێبەرانی ڕێکخراوی ناتۆ بە میوانداریی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و بە سەرۆکایەتیی مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە دەستی پێکرد. بڕیارە ئەم لووتکەیە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت و تێیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک و وەزیرانی 31 وڵاتی ئەندام و دەوڵەتانی بانگهێشتکراو بەشدار ببن.

لە کاتێکدا ناتۆ لەم لووتکەیەدا تاوتوێی کاریگەرییەکانی ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر ناوچەکە، ڕۆڵی داهاتووی تورکیا و ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی شەڕ دەکات، لە ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان ڕێوشوێنی ئەمنیی بێپێشینە گیراونەتە بەر.

پارێزگاری ئەنقەرە پێش دەستپێکردنی لووتکەکە، لە 28ی حوزەیرانەوە تا 10ی تەممووز، هەموو جۆرە چالاکی و خۆپێشاندان و گردبوونەوەی سەر شەقامەکانی قەدەغە کردووە. هاوکات بۆ ڕێگریکردن لە هەر ناڕەزایەتییەک دژ بە ناتۆ، لە چەندین شاری باکووری کوردستان و تورکیا هێرش کراوەتە سەر ماڵان و زیاتر لە چوار هەزار کەس دەستبەسەر کراون، کە نزیکەی 300 کەسیان بە فەرمی ڕەوانەی زیندان کراون.

لە ئەنقەرە، هەرچەندە بە فەرمی دۆخی نائاسایی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام لە واقیعدا شارەکە لەژێر کۆنترۆڵێکی توندی پۆلیسدایە. زۆربەی شەقامەکان داخراون، پشکنینی ناسنامە بۆ هاووڵاتییان دەکرێت، تەنانەت ئەو خانوو و باڵەخانانەی نزیک هۆتێلی سەرۆکی وڵاتانن چۆڵکراون و دانیشتووانەکەیان گواستراونەتەوە بۆ هۆتێلی دیکە. بۆ شاردنەوەی سیمای هەژاریی شارەکەش، دەوروبەری خانووە کاتییەکان بە تەلبەند و پەرژین گیراون و چێشتخانە و کافتریاکانی نزیک شوێنی مانەوەی سەرۆکەکانیش داخراون.

سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە چوارچێوەی (کۆڕبەندی پیشەسازیی بەرگریی ناتۆ)دا، بڕیارە گرێبەست و پڕۆژەی نوێی سەربازی بە بەهای دەیان ملیار دۆلار ڕابگەیەنرێن، کە ئامانجیان بەهێزکردنی توانای بەرگریی ئەوروپا و پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیای هاوبەشە.

بەرپرسانی ناتۆ ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنن کە "سەردەمی ئاشتی کۆتایی هاتووە" و پێویستە ئەوروپا و ناتۆ خۆیان بۆ شەڕ ئامادە بکەن، بە تایبەت لە ڕێگەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی چەک و ڕووبەڕوبوونەوەی ئەو بەرەیەی وەک مەترسی ناوی دەبەن (ڕووسیا، چین و ئێران). چاوەڕوان دەکرێت لەم دوو ڕۆژەدا، بڕیاری نوێ لەسەر میکانیزمەکانی گوشار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دژ بە ئێران واژۆ بکرێن.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.