راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، بەغدا پێشنیازی بۆ هەریەکە لە تاران و ریاز کردووە ئەنجوومەنێکی هاوبەشی ئاسایشی پێکبهێنن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی "قەیرانی متمانە" لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، درەنگانی رۆژی یەکشەممە (23ی ئابی2026) لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمیی عێراق (العراقیة) ئاشکرای کرد، بەغدا پێشنیازی دامەزراندنی "ئەجوومەنێکی هەماهەنگیی ئاسایشی هاوبەش"ـی پێشکەشی هەریەکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و شانشینی عەرەبستانی سعوودی کردووە.
ئەعرەجی جەختی لەوە کردەوە کە کێشەی سەرەکیی نێوان تاران و ریاز پێکدێت لە "قەیرانی متمانە" و ئامانج لەم پێشنیازەی عێراق ئەوەیە رۆڵێکی کارا ببینێت لە کەمکردنەوەی گرژییە سەربازی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و رێگریکردن لە فراوانبوونی پێکدادانی نفوزەکان.
ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە عێراق هەوڵ دەدات هاوسەنگی لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا بپارێزێت و پێگەی خۆی لە گۆڕەپانی ململانێکانەوە بگۆڕێت بۆ پردێکی گفتوگۆ و هەماهەنگیی ئەمنی لەنێوان هێزە هەرێمییەکاندا.
تا ئێستاش لایەنەکانی ئێران و سعوودیە وەڵامی فەرمی و وردەکاریی زیاتریان لەسەر ئەم پێشنیازە نەخستووەتەڕوو.