هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە توندی هێرشەکانی سەر خاکی سعودیە سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند، بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ بە تەواوی ڕەتکراوەیە، جەختیش لەسەر پێویستیی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەکاتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگەی درۆنەوە لە ناو خاکی عێراقەوە، هێڵی بۆریی نەوتی "ڕۆژهەڵات - ڕۆژئاوا" لە سعودیە کرایە ئامانج، کە ئەم ڕووداوە نیگەرانیی قووڵی لای بەرپرسانی بەغدا دروست کرد سەبارەت بە لێکەوتە ئەمنی و دیپلۆماسییەکانی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
هەیبەت حەلبووسی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە بەکارهێنانی خاکی عێراق یان تێپەڕین بە ئاسمانیدا بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی سعودیە یان هەر وڵاتێکی دراوسێ، لەگەڵ سیاسەتی دەوڵەت، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و پەیوەندیی لەمێژینەی عێراق لەگەڵ دراوسێکانی ناگونجێت.
حەلبووسی جەختی لە گرنگیی پابەندبوون بە بنەمای سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکاندا کردەوە لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا. ڕوونیشیکردەوە کە ئەم هەنگاوە سەروەریی وڵات بەهێز دەکات، ئاسایش دەپارێزێت و ڕێگری لە پەلکێشکردنی عێراق بۆ ناو ململانێ هەرێمییەکان دەکات.
سەرۆکی پەرلەمان پاڵپشتیی خۆی بۆ ڕێکارەکانی حکومەتی عێراق دووپات کردەوە، بەتایبەت دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە بۆ ئاشکراکردنی ئەو لایەنانەی دەستیان لەم هێرشانەدا هەبووە، هەروەها دەستخۆشی لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و پاراستنی پەیوەندییە برایانەکان لەگەڵ سعودیە.