ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، لە درێژەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، دەست بەسەر بڕی 20 ملیۆن و 340 هەزار دۆلار، 200 ملیۆن دینار و 60 کیلۆگرام زێڕدا گیراوە و بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەڕێنراوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی دادوەری، هەروەها دەست بەسەر حەوت ئۆتۆمبێلی گرانبەهاشدا گیراوە کە لە لای چەند تۆمەتبارێک بوون و جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەڕانەوەی سامانی گشتی بەردەوام دەبن. جەیلی لە کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ بە تۆمەتی گەندەڵی لە پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیر کرابوو.