دوای ڕاگرتنی گەشتی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ عێراق، باڵیۆزی عێراق لە تاران ڕایگەیاند کە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفەوە دەستپێدەکەنەوە.
یاسر عەبدولزەهرا حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە ئێران ڕایگەیاند کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف لە 24 کاتژمێری داهاتوودا دەرگاکانی بەڕووی فڕۆکە ئێرانییەکاندا دەکاتەوە.
باڵیۆزی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بڕیارە هەنگاوێکە بۆ دەستپێکردنەوە و ئاساییکردنەوەی خێرای گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەپێی ڕێنماییە فەرمییەکان ڕاگرتنیان ڕاگەیاندرابوو.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە پێشتر و لە 25ی ئەیلوولدا، ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف بەپێی ڕێنماییە فەرمییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تەواوی گەشتە هاتوو و ڕۆیشتووەکانی لەگەڵ ئێراندا تا ئاگادارکردنەوەیەکی تر ڕاگرتبوو.