باسم محەممەد خەدیر، وەزیری نەوتی عێراق، ڕۆژی شەممە بە سەردانێک گەیشتە ئەنقەرە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی کاتی لەگەڵ تورکیا، بە مەبەستی ڕێگەدان بە بەغدا بۆ بەردەوامبوون لە هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگەی وڵاتی دراوسێوە تاوەکو کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن.
سەلیم الرکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوت، بە ڕووداوی ڕاگەیاند که ڕێککەوتنە کاتییەکە تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە ڕەشنووسی کۆتایی ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ لایەنی تورکی واژۆ دەکرێت، کە پڕۆژەکانی وزەش لەخۆ دەگرێت.
ئامانج لەم هەنگاوە دابینکردنی کاتە بۆ هەردوو وڵات تاوەکو دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێکی درێژخایەن بکەن، پاش ئەوەی ڕێککەوتنی پێشوو بەسەرچوو و تورکیا دەیویست مەرجەکانی بگۆڕێت.
لە لایەکی ترەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ئەنقەرە ڕایگەیاند کە ئامانجیان واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی گشتگیری هاوکاریی وزەیە بە زووترین کات، و ئاماژەی بەوەدا عێراق دەتوانێت ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ تورکیا دابین بکات.
ئەو ڕێککەوتنە کاتییە لە نێوان کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیای نەوتی شمال لە عێراق، لەگەڵ کۆمپانیای بۆتاس لە لایەنی تورکی واژۆ دەکرێت، و بڕیارە توانای سەرەتایی هەناردەکردن بە بڕی نزیکەی 750 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستەبەر بکات، بە مەرجی باشتربوونی دۆخی ئەمنی و گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان بۆ توانای تەواوی خۆی، هەروەها تەواوبوونی کارە لۆجستییەکان بۆ گواستنەوەی بڕی زیاتری نەوتی باشووری عێراق بەرەو باکوور.
هاوکات کارکردن لە پرۆژەی دەستپێکردنی دروستکردنی هێڵی بۆریی نوێی بەسرە-حەدیسە-کەرکووک-جەیهان بەردەوامە بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە.