داواکاریی کۆمەڵێک لە پەرلەمانتاران بۆ بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە ڕێگەی سکرتاریەتی پەرلەمانەوە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرا، بە مەبەستی جێگیرکردنی لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران (لەوانەش داواکارییەک بە واژۆی دەیان پەرلەمانتار لەلایەن عەبدولحەمزە خەفاجی، سەرۆکی فراکسیۆنی ئیرادە) داوایان کردووە فەرمانبەرانی گرێبەست و دامەزراوانی کاتی ببنە فەرمانبەری هەمیشەیی.
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە، تاوەکو ئێستا بڕیاری فەرمی لە پەرلەمانەوە دەرنەچووە و بابەتەکە تەنیا وەک داواکاری ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کراوە.
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە عێراق نزیکەی 250 هەزار کەس دەبێت، هاوکات لە هەرێمی کوردستانیش 87 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەن.