لە وەڵامی بڕیارەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکادا، حکومەتی عێراق بڕیاریدا لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممەوە تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکان بۆ وڵاتەکەی ڕابگرێت.
دوو سەرچاوەی حکومی لە بەغداوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس (AFP) پشتڕاستیان کردەوە کە عێراق گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکان ڕادەگرێت.
ئەم بڕیارە دوای ئاگادارییەکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا دێت کە ڕایگەیاندبوو کۆمپانیا سزادراوەکان لە ماوەی دوو ڕۆژدا لەسەرانسەری جیهاندا دادەخرێن.
بەرپرسێکی عێراقی ڕایگەیاندووه: "عێراق لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممەوە قەدەغەکردنی گەشتی کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێران بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا جێبەجێ دەکات". ئەو بەرپرسە ئاگاداریشی دا کە ئەو وڵاتانەی بڕیارەکە جێبەجێ نەکەن، ڕووبەڕووی مەترسیی سەپاندنی سزاکان دەبنەوە.
هاوکات سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لە بەغداوە ناوەرۆکی ئەم ڕاپۆرتەی بۆ ئاژانسەکە پشتڕاستکردووەتەوە.