عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی و بە یاوەریی شاندێکی وەزاری گەیشتە تاران. دۆسیەی هاوردەکردنی گاز، لێکەوتەکانی قەیرانی گەرووی هورمز و دۆزینەوەی میکانیزمی هاوبەشی ئابووری، سەرەکیتەرین مژارەکانی کارنامەی سەردانەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئێرانە و ئامانج لە کۆبوونەوەکان، دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ ئاستەنگەکانی دۆسیەی وزە، بەتایبەت دابینکردنی گازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی نوێ لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
هاوکات لەگەڵ ئەم سەردانەدا، حکومەتی عێراق جەختی لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی وڵاتەکەی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، پرسی داماڵینی چەک لە دەستی گروپە چەکدارەکان بابەتێکی تەواو ناوخۆیی عێراقە و لە هیچ پایتەختێکی دەرەوە تاوتوێ ناکرێت.
ئەم سەردانەی زەیدی بۆ تاران دوای ئاڵۆزبوونی لێدوانە سیاسییەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات دێت؛
پێشتر عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕەخنەی توندی لە سەردانەکەی پێشتری زەیدی بۆ واشنتن گڕتبوو و سەرۆکوەزیرانی عێراقی بە "گەنجێکی بێ ئەزموون" ناوبردبوو، هەروەها ئاماژەی بەوە دابوو کە گەشتەکەی بۆ ئەمریکا "بێهیواکەر و ناوەخت بووە و تەواوی هەوڵی عێراقییەکانی لەباربردووە."