عەلی فالح زەیدی، وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی فەرماندەکانی بەرگریی ئاسمانیی کرد تاوەکو گەرەنتیی پاراستنی ئاسمانی عێراق بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە بە بەشداریی عەبدولئەمیر یارەڵا، سوپاسالاری عێراق ئەنجامدرا، تاوتوێی پلانەکان بۆ بونیاتنان و پەرەپێدانی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی کرا بە شێوازێک کە سەروەریی ئاسمانی وڵات بپارێزێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕۆژنامەڤانیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەم کۆبوونەوەیەدا ئاوڕ لەو گرێبەستانە دراوەتەوە کە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا ئیمزا کراون بۆ دابینکردنی سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە جێبەجێکردنی بڕگەی گرێبەستەکان و هاوردەکردنی پێداویستییەکان کرایەوە تاوەکو سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە بەرزترین ئاستی ئامادەییدا بێت بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی ئاسمانی عێراق.