ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی بودجەی بە گوژمەی 95 ملیار دۆلار تەنیا بە دەنگی کۆمارییەکان پەسەندکرد؛
ئامانج لە پڕۆژەکە دابینکردنی تێچووی جەنگی ئێران و جێبەجێکردنی بڕگە سەرەکییەکانی کارنامەی کۆشکی سپییە.
پڕۆژەیاساکە بە جیاوازییەکی زۆر کەم و بە دەنگی 216 ئەندام بەرامبەر 214 ئەندام پەسەندکرا، کە تێیدا تەواوی ئەندامانی دیموکراتەکان و ژمارەیەک لە کۆمارییەکانیش دژی وەستانەوە.
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان و دوودڵیی ئەنجومەنی پیران، ئامادەنەبوو بڕیارەکە ڕابگرێت و جەختی لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دۆناڵد ترەمپ کردەوە.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە، 60 ملیار دۆلار بۆ وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن) و 13 ملیار دۆلار بۆ پێداویستییە سەرەکییەکانی تری ئاسایشی نیشتمانی تەرخانکراوە.
هاوکات 12 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریکردنی جووتیارانی زیانلێکەوتووی باجەکانی ترەمپ و 10 ملیار دۆلاریش بۆ هەموارکردنی یاساکانی هەڵبژاردن و سەپاندنی مەرجی سەلماندنی هاوڵاتیبوون ئاراستەکراوە.
پەسەندکردنی ئەم بودجەیە لە کاتێکدایە کە کۆنگرێس لەسەر پرسی شەڕی ئەمریکا دژی ئێران تووشی چەقبەستوویی بووە، چونکە نەک هەر نەیتوانیوە ڕێگری لە هێرشە سەربازییەکانی ترەمپ بگرێت، بەڵکو مۆڵەتی فەرمی بەکارهێنانی هێزی سەربازیشی پێنەداوە.
لای خۆیانەوە دیموکراتەکان بە توندی ڕەخنەیان لەم هەنگاوە گرت.
حەکیم جێفریس، ڕێبەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، کۆمارییەکان بودجەی پێویستیان لە بەرنامە ناوخۆییەکانی هاوکاریی خەڵک و بەساڵاچووان بڕیوە بۆ ئەوەی خەرجیی "مەکینەی شەڕی ترەمپ"ی پێ دابین بکەن.
سەرەڕای سەرکەوتنی لە ئەنجومەنی نوێنەران، ستراتیژیی کۆمارییەکان بەرامبەر بەم پڕۆژەیاسایە ڕووبەڕووی ناڕوونی دەبێتەوە لە ئەنجومەنی پیران؛ جۆن ثوون، ڕێبەری زۆرینەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیران جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە لەم ساتەدا کارە خێراکەیان ڕێگریکردنە لە داخرانی حکومەت و پەسەندکردنی بودجەی کاتی بەرلەوەی یاسادانەران بچنە پشووی هاوینەوە.