ممارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند کە کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز و ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن تاکە وڵاتێکەوە، دروستکردنی پێشینەیەکی زۆر مەترسیدارە.
مارکۆ ڕوبیۆ ئاماژەی بەوە کرد، ڕێگەدان بە دەوڵەتێک بۆ سەپاندنی باج و بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە نەدانی ئەو باجە، ڕەنگدانەوەی خراپی لە سەرانسەری جیهاندا دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەو پرسەی لە مەترسیدایە تەنیا کێشەی گەرووی هورمز نییە، بەڵکو بابەتێکی بنەڕەتییە و پەیوەستە بە ئازادیی دەریاوانی لە سەرانسەری جیهاندا.
مارکۆ ڕۆبیۆ هۆشدارییدا لەوەی تێکچوونی ئاسایشی دەریاوانی دەبێتە هۆی خستنەمەترسیی ئابووریی جیهانی و ئەو یاسا نێودەوڵەتییانەی، کە لە ماوەی 150 ساڵی ڕابردوودا پشتیوانییان لە بازرگانیی جیهانی کردووە، جەختیشی کردەوە کە واشنتن ڕێگە بە دروستبوونی دۆخێکی لەو شێوەیە نادات.