لە ئێستادا، زۆرینەی چاوەکان لەسەر رێککەوتنی نێوان تاران و واشنتنە، لە ئەگەری رێککەوتنی نێوان ئەم دوو وڵاتە، زۆرینەی کایە بازرگانییەکانی ناوچەکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردێت.
مەرجەکانی بەرپرسانی تاران بۆ رێککەوتن، هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکەیان و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانییەتی، کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورە لە ناوچەکەدا دروست دەکات.
لە ئەگەر ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران، بەهای تمەن، بۆ چەند هێندەی ئێستا بەرز دەبێتەوە، گۆڕانکاری نرخ لەو وڵاتانەی لە ئێرانەوە هاوردەی کاڵا دەکەن روودەدات، ئەگەری دروستبوونی قەیرانیش هەیە.
هەروەها لابردنی سازا ئابوورییەکانی سەر تاران، جارێکی دیکە دەبێتە زیان بۆ ئەو وڵاتانەی نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکەن، بەو پێیەی ئێران یەکێکە لە گەورەترین وڵاتە هەناردەکارەکانی نەوت، نرخی نەوتی برێنت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزین تۆمار دەکات، بەهۆی زۆری خستنەڕوو لەبازاڕدا.
ئەوەی کە بۆ ناوچەکە جێگەی خۆشحاڵییە لە ئەگەری رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا، رێڕەوە ئاوییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە وادەکات کەشتییە بازرگانییەکان، بە ئاسانی بە گەرووی هورمز و دەریای سوردا بپەڕنەوە، بەبێ هیچ مەترسییەک، ئەمەش وادەکات سەقامگیرییەکی گەورەی بازرگانی لە ناوچەکەدا دروستببێت.
عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەدەر نابێت لە پریشکی ئەم رێککەوتنە، یەکێکە لە خاڵە ئەرێنییەکان، دابەزینی بەهای دۆلار دەبێت، کە لەئێستادا بەهۆی ئەوەی ئەمریکا پێیوایە لە عێراقەوە دۆلاری رەوانەی ئێران دەکرێت، ناردنی ئەو جۆرە دراوە بۆ عێراق سنووردارکراوە، بەڵام لە ئەگەری رێککەوتنی تاران و واشنتن، دابەزینی بەهای دۆلار یەکێک دەبێت لە ئەگەرەکان، کە ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی شمەک، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان.