ڕاستەوخۆ

گیانلەدەستدانی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ڤەنزوێلا بۆ نزیکەی هەزار کەس بەرزبووەوە

reset font size increase font size

ژمارەی قوربانیانی ئەو دوو بوومەلەرزە بەهێزەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڤەنزوێلای هەژاند، بۆ 920 کەس بەرزبووەوە؛ نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایدەگەیێنێت کە زیاتر لە 50 هەزار کەس بێسەروشوێنن و مەترسیی بەرزبوونەوەی زیاتری ئامارەکان هەیە.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، 24ی حوزەیرانی 2026، دوو بوومەلەرزەی یەک لەدوای یەک بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە بە پێوەری ڕێختەر، چەند ناوچەیەکی جیاوازی ڤەنزوێلایان هەژاند، کە بەهۆیەوە شاری "لاگوایرا" زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و بە ناوچەیەکی کارەساتبار ناسێنراوە.

دوایین بوومەلەرزەش نیوەڕۆی دوێنێ هەینی بە گوڕی 4.9 پلە بووە کە جارێکی دیکە ترس و دڵڕاوکێی لە نێو هاووڵاتیاندا دروستکردووەتەوە.

خۆرخی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانیی ڤەنزوێلا ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی 920 کەس و برینداربوونی 3,360 کەسی دیکە پشتڕاستکراوەتەوە، هاوکات 172 کەسیش بە زیندوویی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا گیریان خواردووە و هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنیان بەردەوامە. 

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە 50 هەزار کەس بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

 هەروەها قەبارەی زیانە مادییە ڕاستەوخۆکانی بوومەلەرزەکە بە 6.7 ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت و ڕایدەگەیێنێت کە ئەگەری هەیە ژیانی نزیکەی 7 ملیۆن کەس بەهۆی ئەم کارەساتەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دروستبێت.

ئەم کارەساتە مرۆییە تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ دێلسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، تیمەکانی فریاگوزاری لە 17 وڵاتی جیاوازەوە (لەوانەش مەکسیک، ئێلسالڤادۆر) گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا، بەڵێنی هاوکاریی دارایی بە بڕی 150 ملیۆن دۆلار و سووککردنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتەی داوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی ئەم بوومەلەرزە مێژووییە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.