وێنە نوێیەکانی مانگی دەستکرد ڕاستییەکی مەترسیدار لەبارەی ژینگەی جیهان ئاشکرا دەکەن؛ بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی و بەکارهێنانی بێسەروبەری سەرچاوە ئاوییەکان، چەندین ڕووبار و دەریاچەی گەورە بەرەو وشکبوونی یەکجاری دەچن، کە دەریاچەی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زۆنگاوەکانی چێبایش لە باشووری عێراق لە پێشەوەی لیستی مەترسییەکەدان.
ماڵپەڕی زانستیی ئەمریکی (Interesting Engineering) لە ڕاپۆرتێکی نوێیدا تیشک دەخاتە سەر 9 ناوچەی جیهان کە بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر ئاوەکانیان لەدەستداوە، لە نێویاندا دەریاچەی ورمێ وەک یەکێک لە دیارترین نموونەکان هاتووە:
دەریاچەی ورمێ؛ تەنیا کەمتر لە 10%ی ماوەتەوە
دەریاچەی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا گەورەترین دەریاچەی ئاوی سوێر بوو لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووبەرەکەی نزیکەی 6,000 کیلۆمەتر چوارگۆشە بوو، ئێستا ڕووبەرەکەی بۆ تەنیا 581 کیلۆمەتر چوارگۆشە کەمبووەتەوە؛ ئەمەش واتە زیاتر لە 90%ی قەبارەی جارانی لەدەستداوە.
بەپێی ڕاپۆرتە زانستییەکە، هۆکارە سەرەکییەکانی پشت وشکبوونی ئەم دەریاچە ستراتیژییە بریتین لە:
وشکەساڵیی یەک لەدوای یەک و گۆڕانی کەشوهەوا.
زیادبوونی بێپلان بۆ کەرتی کشتوکاڵ.
گۆڕینی ڕێڕەوی ئەو ڕووبارانەی دەڕژانە ناو دەریاچەکە.
لێدانی بیرە نایاساییەکان و دەرهێنانی بێسەروبەری ئاوی ژێرزەوی.