هونەرمەندی ناسراوی ڕاپی کوردی، سەرهادۆ، دوای گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی ئامەدی باکووری کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر کرا و پاشان ئازاد کرا.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی،26ی حوزەیرانی 2026، هونەرمەند سەرهادۆ (سەرهاد ئەیاز) بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنسێرتێک، لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیاوە گەیشتە فڕۆکەخانەی ئامەد، بەڵام لە کاتی پشکنینی پاسپۆرتدا لەلایەن پۆلیسەوە ڕاگیرا و بۆ بنکەی پۆلیس گواسترایەوە.
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا هۆکاری فەرمیی دەستبەسەرکردنی ڕانەگەیێندراوە، بەڵام میدیا ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناوبراو دوای بردنی بۆ دادگە و وەرگرتنی گوتەکانی لەلایەن داواکاری گشتییەوە، ئازاد کراوە.
بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی2026، سەرهادۆ لە "میتینگی ئازادی"دا کە لەلایەن پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە شاری ئامەد ڕێکدەخرێت، بچێتە سەر تەختەی شانۆ و کۆنسێرتێک بۆ لایەنگرانی ساز بکات.
سەرهادۆ لە دایکبووی ساڵی 1985ی وڵاتی سوێدە و بنەماڵەکەی خەڵکی گوندی هەلەخی سەر بە شارۆچکەی میدیادن لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان؛
ئەو لە ساڵی2007ەوە بە شێوازی ڕاپ و بە زمانی کوردی بەرهەمە هونەرییەکانی بڵاودەکاتەوە و جەماوەرێکی زۆری لە نێو گەنجاندا هەیە.