بە مەبەستی پێشکەشکردنی کارئاسانیی زیاتر بۆ بازرگانان و کەمکردنەوەی ڕۆتین لە ڕاییکردنی مامەڵە فەرمییەکاندا، بنکەیەکی نوێی چاودێریی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان کرایەوە، کە ئاسانکارییەکی گەورە بۆ کەرتی بازرگانیی ناوچەکە دەستەبەر دەکات.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ NûçeTv ڕایگەیاند، کردنەوەی ئەم بنکەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکان دێت بۆ نەهێشتنی بیرۆکراسی و خێراکردنی پرۆسە بازرگانییەکان لە دەروازە سنوورییەکاندا.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد، لەمەودوا بازرگانان دەتوانن سەرجەم مامەڵە و مۆڵەتە بازرگانییەکانیان ڕاستەوخۆ لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخاندا تەواو بکەن و بۆ ڕاییکردنی ئیشوکارەکانیان چیتر پێویستیان بە سەردانیکردنی فەرمانگەکانی هەولێری پایتەخت نابێت.