ڕاستەوخۆ

43 ساڵ بەسەر ئەنفالی بارزانییەکاندا تێپەڕدەبێت، پەیامی کەسایەتییە سیاسییەکان چییە؟

reset font size increase font size

سەرکردە و کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە یادی ٤٣ ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکاندا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان جێبەجێ بکات.

ئەمڕۆ هەینی، لە ٤٣مین ساڵوەگەڕی ئەنفالکردنی بارزانییەکاندا، سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان یادگاریی ئەو قوربانییانەی بەرز ڕاگرت کە لەلایەن رژێمی لەناوچووی بەعسەوە کۆمەڵکوژ کرابوون.

مەسعود بارزانی: جینۆسایدی بارزانییەکان دەستپێکی تاوانە سیستماتیکەکان بوو

مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، جینۆسایدی بارزانییەکان "دەستپێکی زنجیرەیەک تاوانی سیستماتیک" لەلایەن ڕژێمی سەدام حوسێنەوە بوو بە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامە و شکاندنی باوەڕی گەلی کوردستان بۆ ئازادی.

بارزانی وتی: "لە ئەنفالی بارزانییەکاندا، ڕژێمی پێشووی عێراق هەشت هەزار پیاو و مێردمنداڵی بارزانی تەنها لەبەر ئەوەی بارزانی و کورد بوون دەستگیر کرد و دوای ڕاگواستنیان، بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لە بیابانەکانی عێراقی باشوور کۆمەڵکوژ کردن." ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەرکی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی گەلی کوردستان بکاتەوە.

لە ٣١ی تەممووزی ١٩٨٣دا، هێزەکانی ڕژێمی عێراق بە فەرمانی دیکتاتۆری لەناوچوو سەدام حوسێن، هەشت هەزار ئەندامی هۆزی بارزانیان لە ناوچە چیاکانی زاگرۆس ڕفاند و لە بیابانەکانی باشووری عێراق لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا خنکاندن و لەناوبردن؛ ئەمەش بەشێک بوو لە هەڵمەتی بەعس بۆ ئەنفالکردنی زیاتر لە ١٨٢ هەزار کورد.

سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی: قوربانییەکان لەبیر ناکەین

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە یادی ئەو کارەساتەدا وتی کە تاوانەکە "یەکێکە لە قێزوەنترین ئەو تاوانانەی ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجامی داوە".

سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە: "خەڵکی کوردستان هەرگیز ئەم تاوانانە لەبیر ناکات و ئێمە قوربانییەکانی پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانمان بە هەند وەردەگرین. هەرگیز دەستبەرداری دەستکەوتە نەتەوەییەکانمان نابین و بە هەموو شێوازێک بەرگرییان لێ دەکەین." ناوبراو داوای لە بەغدا کرد ئەور بەرپرسیارێتییە بگرێتە ئەستۆ.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ئازاری ڕابردوو ببێتە بنەمای پێکەوەژیان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی قوربانییان، پێزانینی بۆ خۆڕگریی دایک و هاوسەری بارزانییەکان دەربڕی کە نەوەیەکی نیشتمانپەروەریان بۆ داهاتووی کوردستان پەروەردە کرد.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە جینۆسایدی بارزانییەکان و ئەنفال "برینی قوول"ـن کە تەنها ئیرادەی گەلی کوردستانیان بەهێزتر کردووە، و داوای کرد تاڵی و ئازاری ڕابردوو بێتە بنەمایەک بۆ قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە عێراقدا.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.