لەسەر سکاڵای ئەفسەرێکی سوپای عێراق، دادگای کەرکوک بڕیاری سزادانی بەسەر (محەمەد ئەمین)، جوتیارە کوردەکەی ناوچەی سەرگەڕاندا سەپاند و غەرامەی کرد.
لە دانیشتنی دادگادا و لەسەر سکاڵای ئەفسەرەکە، دادوەر جوتیارە کوردەکەی تۆمەتبار کرد و سزای غەرامەکردنی بە بڕی یەک ملیۆن دینار بەسەردا سەپاند، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ناوبراو لە کاتی پاراستنی زەوییەکەیدا ڕووبەڕووی بەکارهێنانی هێز بووەوە.
ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ڕابردوو و ساتی دروستبوونی گرژی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە پارێزگای کەرکوک، لەنێوان جوتیارانی کورد و هێزە ئەمنییەکاندا.
جێی باسە کە لەو کاتەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندەکانی ڕاگەیاندندا دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی هەبوو، کە تێیدا ئەفسەرەکەی سوپای عێراق ملپێچەکەی ملی ئەو جوتیارە کوردەی بە توندی ڕادەکێشا.