بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بەهۆی زیادبوونی پووش و پەڵاش و نزیکبوونەوە لە وەرزی پایز و هەڵکردنی بای بەهێز، ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و چەندین ڕێنمایی و هۆشداریی ئاراستەی هاوڵاتیان و کاسبکاران کرد بۆ پاراستنی گیان و سەروماڵیان.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بارانبارینی زۆری زستانی ڕابردوو بووەتە هۆی زیادبوونی ڕووبەری پووش و پەڵاش لە دەشت و دەردا، کە ئەمەش لەگەڵ چوونە ناو وەرزی پایز و هەڵکردنی بای بەهێز مەترسیی ئاگرکەوتنەوەکان بەرز دەکاتەوە.
بۆ ڕێگری لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، بەرگریی شارستانی جەختی لەسەر پاککردنەوەی دەوروبەر لە پووش و پەڵاش بە پانی 10 تاوەکو 15 مەتر کردووەتەوە، لەگەڵ دوورخستنەوەی پاشماوە گڕگرتووەکانی وەک کارتۆن، تەختە و ڕۆن. هەروەها بڕیاری داوە، سوتاندنی ناڕێکخراوی پووش و پەڵاش بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
لەسەر ئاستی ئامادەکاریی فریاگوزاری، داوا کراوە سۆندەی ئاوی پەستانی بەرز یان تەنکەری ئاو لە شوێنە مەترسیدارەکان دابندرێت، لەگەڵ بەگەڕخستنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی دووکەڵ لە کۆگاکاندا و دابینکردنی ئامێری ئاگرکوژێنەوەی بەسەرنەچوو. هاوکات جەخت لە پشکنینی بەردەوامی سیستەمی کارەبا و پاککردنەوەی ژێر تاوەرەکانی کارەبا، محاویلە و مۆلیدەکان کراوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر داوا لە هاووڵاتیان دەکات لە کاتی تێبینی کردنی هەر دووکەڵ یان ئاگرێکدا، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژمارە 115ـەوە بکەن.