باڤلۆ بالیسا، جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ڕووسیا لێکۆڵینەوە و ئامادەکاری بۆ ئەگەری هێرشێکی زەمینی دەکات بۆ سەر کیێڤی پایتەخت و شاری تشرنیهیڤ لە باکووری ئۆکرانیا.
باڤلۆ بالیسا بە ئاژانسی بلومبێرگ ڕاگەیاندووە، تاوەکو ئێستا کاتێکی دیاریکراو یان ئاماژەیەک بۆ کۆبوونەوەی یەکە سەربازییە هێرشبەرەکانی ڕووسیا لەسەر سنوورەکانی باکوور بەدی نەکراوە، بەڵام سوپای ڕووسیا خەریکی ڕەخساندنی زەمینە و تاوتوێکردنی سناریۆکانە. جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکییان ڕێگریکردنە لە هەر جووڵەیەکی هێرشبەرانەی ڕووسیا.
جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کرد، موسکۆ دەستبەرداری پلانەکانی نەبووە بۆ دروستکردنی ناوچەی پارێزراو لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە پارێزگاکانی خارکیڤ، تشرنیهیڤ و سۆمی بە قوڵایی 20 کیلومەتر، جێگەی ئاماژەیە موسکۆ ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی ناوچەی دۆنباسیشی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 31ی کانونی یەکەم داناوە.
ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە، چالاکی پەیوەندییە دیپلۆماسی و هەواڵگرییەکان زیادیان کردووە، لەوانە سەردانی پێشبینی نەکراوی جون ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا بۆ موسکۆ و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمێر پوتین و ئالێکساندەر لوکاشینکۆ سەرۆکی بێلاروس.
هاوكات دۆنالد تسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا هۆشداریدا لە ئەگەری ئاڵۆزی و گێچەڵی زیاتری سەربازی لەلایەن ڕووسیاوە بۆ سەر وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و ڕایگەیاند شەش مانگی داهاتوو بۆ ناوچەکە زۆر یەکلاکەرەوە دەبن.