دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی ئەکسیۆس ڕایگەیاند، بە هێمنی و دوور لە گرژی مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەکەن، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی گەمارۆ ئابووری و دەریاییەکانی ئەمریکاوە، تاران کەوتووەتە دۆخێکی زۆر خراپی ئابوورییەوە.
دۆناڵد ترەمپ ڕوونی کردەوە، قەیرانە ئابوورییەکانی ئێران ئەوەندە قووڵ بوونەتەوە، کە تەنانەت ناتوانێت مووچەی سەربازەکانیشی دابین بکات. بەپێی گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، واشنتن بەردەوامە لە چاودێریکردنی وردی ڕەوشەکە و لە کاتی پێویستدا دەتوانن فشارە ئابوورییەکانی سەر تاران زیاتر بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی و کێشەکانی لەگەڵ ئێراندا بە یاریی شەترەنج وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە، ئاڵۆزییەکان لەگەڵ تاراندا چارەسەر دەکرێن، وەک چۆن لە ڕابردوودا هەمیشە چارەسەر کراون.