بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـى نیسانی 2026 لیژنەی کاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری برۆکسل میوانداری دیبەیتێکی تایبەت لەژێر ناونیشانی "دەنگی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران" بکات، کە تێیدا چەندین کەسایەتیی سیاسیی بەشدارن و تیشک دەخەنە سەر ئایندەی سیاسیی ئێران دوای گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە.
لە کۆبوونەوەکەداهەریەکە لە مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وەک نوێنەرانی کورد بەشدارن، شانبەشانی شیرین عیبادی، هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و چەند چالاکوانێکی دیکە بەشدارن.
هاوکات، ڕەزا پەهلەویی، کە کوڕی شای پێشووی ئێرانە بانگهێشت کراوە بۆ ئامادەبوون، بەڵام تا ئێستا بەشداریی خۆی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کە پەرلەمانی ئەورووپا لە شوباتی ڕابردوودا داوای ڕاگرتنی سەرکوتکارییەکانی لە ئێران کردبوو و سوپای پاسدارانیشی خستبووە لیستی تیرۆرەوە.
چاوەڕوانیش دەکرێت لەم دیدارەدا جەخت لەسەر داواکارییە دیموکراسییەکانی گەلانی ئێران و مافی دیاریکردنی چارەنووسیان بکرێتەوە.