بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی تورکیا بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی پرۆژەیاسای "پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی" کۆببێتەوە، ئەمەش وەک یەکەم هەنگاوی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان هەژمار دەکرێت.
سەبارەت بەم پرسە، سەرکردایەتیی تەڤگەری ئازادی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پرۆژەیاساکە کەموموڕیی جددیی تێدایە و پێویستە پرۆسەی ئاشتی لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەڕێوە ببرێت و زەمینەسازیی دیموکراسی بکرێتە بنەمای سەرەکی.
تەڤگەری ئازادی جەختیشی کردووەتەوە، ئەگەر خواستێکی جدی بۆ ئاشتی لە ئارادا بێت، دەبێت ئەم پرۆژەیاسایە ببێتە دەستپێكێک بۆ دەرکردنی یاسای نوێی دیموکراسی، ئازادیی بیروڕا و مسۆگەرکردنی مافی ڕێکخستنی سیاسی بۆ ئەندامان و سیاسەتمەدارانی پەکەکە لە ناوخۆی تورکیادا.
لە لایەکی دیکەوە، سەرهات ئەرەن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد سەبارەت بە کاریگەرییەکانی یاساکە ئاشکرای کرد، لە ئێستادا چوار هەزار و 800 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە و بەشداریکردن لە چالاکیی چەکداریدا لە زیندانەکانی تورکیادان.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە، لەو ژمارەیە سێ هەزار و 900 زیندانی لە ماددەکانی پرۆژەیاسای چوارچێوە سوودمەند دەبن و دەیانگرێتەوە. بەڵام 900 زیندانیی دیکە بەهۆی ئەوەی سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە یان تۆمەتبارن بە کوشتنی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، یاساکە نایانگرێتەوە و لێی سوودمەند نابن.