وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە ڕێکاری یاسایی تووندیان بەرامبەر نزیکەی هەشت هەزار ئەفسەر، پلەدار و فەرمانبەری مەدەنیی وەزارەتەکەیان گرتووەتە بەر، بەهۆی تێوەگڵانیان لە بەرتیل خواردن، گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات.
لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، سەرپێچییەکان جۆراوجۆر بوون، لەوانە بەرتیل وەرگرتن، بەهەدەردانی سامانی گشتی، دزی، فێڵکردن، قاچاخچێتی، سەرانەسەندن و دزەپێکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەیەک لەو کەسانە بە تۆمەتی خۆناسین بە پلەی ساختە و کارکردن وەک دەڵاڵ لە نێو فەرمانگەکاندا دەستگیر کراون. جەختیشی کردەوە، وەزارەت لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی دیسپلین بەردەوام دەبێت و یاسا بە بێ جیاوازی و بە بێ گوێدانە پلە و پۆست بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەکرێت.