ڕاستەوخۆ

جەنگ هەژموونی تاران لاواز دەکات.. تورکیا چۆن بۆشایی ئێران لە عێراقدا پڕ دەکاتەوە؟

reset font size increase font size

جەنگی ئێران ڕێڕەوە بازرگانییە هەرێمییەکان دووبارە دادەڕێژێتەوە و هەژموونی تاران لاواز دەکات، لە هەمان کاتدا تورکیا هەنگاو دەنێت بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە عێراقدا، و کۆنتڕۆڵی کەرتەکانی وزە، ژێرخان و پەیوەندییەکان دەکات، بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆر".

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم وەچەرخانە لە ڕێگەی زنجیرەیەک ڕێککەوتنەوە دروست دەبێت کە لە پەیوەندیی نەریتیی گواستنەوەی نەوت تێپەڕ دەکات. تورکیا دەستی بەسەر پشکێکی ڕاستەوخۆدا گرتووە لە کێڵگە سەرەکییەکانی نەوتی کەرکوکدا، و توانای بەرهەمهێنانی زیاتری بۆ نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی هێڵی بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیا مسۆگەر کردووە، هەروەها بە لە هەوڵی گەورەدایە بۆ بردنە پێشەوە و  جێبەجێکردنی ڕێگەی گەشەپێدان وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی و وزەی گەورەتر کە عێراق بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.

ئەم هاوبەشییە بۆ بەغدا ڕێڕەوی جێگرەوەیە بۆ هەناردەکردنی نەوت و هەلی  وەبەرهێنان دەڕەخسێنێت کە ئابورییەکەی  زۆر پێویستی پێیەتی، بەهۆی بەردەوامی قەیرانی گەرووی هورمز کە سەرچاوە دارییەکانی بەرەو وشکبوون دەبات و گوشارە ناخۆییەکان لەسەری زیاد دەبێت.

ئەلپ ئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئامانج لەم هاوکارییە "بەرزکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراقە بۆ ئاستێکی نوێ"، بەجۆرێک وزە، ژێرخان و پەیوەندییەکان بوونەتە ڕەگەزی سەرەکی لەم هاوبەشییەدا.

ئەم لێدوانانە دوای یەکەم سەردانی فەرمیی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەنقەرە لە هەفتەی ڕابردوودا دێت، کە تێیدا هەردوو حکومەت چەند ڕێککەوتنێکیان ڕاگەیاند. لە هەنگاوێکی گرنگدا بەرەو فراوانبوون دەچێت  لە قۆناغی گواتەنوە بۆ قۆناغی بەرهەمهێنان، کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی تورکیا (TPAO) دەستی بەسەر پشکی 15٪دا گرت لە کۆمپانیای بي بي بۆ وزە لە کەرکوک، تاوەکو بێتە ڕیزی کۆمپانیاکانی بي بي و کۆنۆکۆ فیلیپس لە دووبارە گەشەپێدانی چەندین کێڵگەی سەرەکیی نەوت لە باکووری عێراق، کە سەرچاوەکانیان بە زیاتر لە 3 ملیار بەرمیل لە نەوت مەزەندە دەکرێت.

هەروەها هەردوو وڵات ڕێککەوتنێکی یەک ساڵەیان ئیمزا کرد لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوودا، کە بەپێی ئەوە تورکیا شوێن بۆ گواستنەوەی 750هەزار بەرمیل نەوتی خاوی عێراق لە ڕۆژێکدا هەناردە دەکات لە ڕێگەی هێڵی بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیا، تا ئەو کاتەی هەردوو لایەن دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێکی گشتگیر دەکەن کە بەدوای ڕێککەوتننامەی دەستپێکی چەند دەیەی ڕابردوویان دێت. هەناردەی ئێستای نەوت لە نێوان 170هەزار بۆ 200هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، کە زۆر کەمتریشە لە توانای سیستەمەکە کە نزیکەی 1.5ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پرۆسەکانی پاڵاوتنی تورکیا لە کەرتی وزەدا بە مەرجی ئاشکرا نەکردنی ناوی بە ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆر"ی ڕاگەیاند: "بۆ تورکیا لۆجیکەکە سادەیە: چەندە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ جیهان لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە زیاتر بێت، ئەوەندە باشترە بۆ سەقامگیریی هەرێمی و بۆ داهاتەکانی تورکیا لە پرۆسەکانی پاڵاوتنی و گواستنەوە، هیچ کەسێک لە ئەنقەرە یان واشنتۆن داوا لە کۆمپانیاکانی پاڵاوتنی تورکی ناکات دەستبەرداری کڕینی نەوتی خاوی بازرگانی ببن لە سەرچاوەکانی ترەوە تا ئەو کاتەی پاڵاوتن و گواستنەوە لە ڕووی ئابوورییەوە بەسوود بێت".

بەپێی "ئەلمۆنیتۆر"، ئەم پێشڕەوییەی تورکیا لە عێراق لە سێبەری گۆڕانی هاوسەنگیی هێزە هەرێمییەکاندا دێت، کە تێیدا جەنگ سنوور بۆ هەژموونی ئێران دادەنێت و دەرفەت بۆ ئەنقەرە دەڕەخسێنێت تاوەکو پێگەی خۆی لە بەغدا بەهێز بکات.

بیلگای دومان، کە پسپۆڕێکی سەربەخۆیە و لەسەر عێراق دەنوسێت، بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ڕاگەیاندووە: "تورکیا بۆشاییەکی ڕاستەقینە پڕ دەکاتەوە لە دوای لاوازبوونی ئێران بەهۆی جەنگەوە".

بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ، ئێران هەژمونێکی بەربڵاوی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی لە عێراقدا هەبوو، بەتایبەتی لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییە شیعییەکان و گرووپە چەکدارەکاندا، بەڵام جەنگ ئەم هاوسەنگییەی تێکدا، و لە هەمان کاتدا هاندەرەکانی بەغدای زیاتر کرد بۆ هەمەجۆرکردنی هاوبەشییە هەرێمییەکان و پەیوەندییە ئابوورییەکانی.

لەژێر فشاری زیاتری ئەمریکادا، حکومەتی عێراق مۆڵەتی تا 30ی ئەیلوول داوەتە میلیشیا دڵسۆزەکانی ئێران تا چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن، وادەیەک کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی ئەو هاوپەیمانێتییەی ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات لە عێراقدا. واشنتۆن بەهێزکردنی هاوکاریی بەرگری و ئابووری لەگەڵ بەغدا بەستووەتەوە بە هەوڵەکانی ڕاگرتنی ئەو میلیشیایانەی لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا کار دەکەن.

ڕێگەی گەشەپێدان بڕبڕەی پشتی ستراتیژیی درێژخایەنی ئەنقەرەیە بەرامبەر عێراق، کە ڕێڕەوێکی گواستنەوەی چاوەڕوانکراوە و ئامانجی بەستنەوەی بەندەری فاوی گەورەی عێراقە لەسەر کەنداو بە تورکیاوە، و لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا لە ڕێگەی ڕێگە وشکانییەکان و هێڵی ئاسنینەوە.

قەیرانی گەرووی هورمز پێویستیی ئەم دیدگەیەی زیاتر کردووە، و تورکیا بەشێوەیەکی ستراتیجی  تەماشای ڕێگەی گەشەپێدان دەکات نەەک تەنها وەک پڕۆژەیەکی گواستنەوە، بەڵکو وەک ستوونی سەرەکی بۆ ڕێڕەوێکی بەربڵاوتری وزە و لۆجیستی، کە ژێرخانی نەوت و گازی عێراق دەبەستێتەوە بە ڕێگەکانی هەناردەکردنی تورکیا لە دەریای ناوەڕاستدا.

Rebin Karim

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.