ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، قۆناغی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ ٥ هەزار و ٧٠٤ کەسدا تەواو کراوە کە پێشتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە ڕادەستی عێراق کرابوون و گومانی پەیوەندییان بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە هەیە، و دۆسییەکانیان ڕەوانەی دادگا کراون.
ئەم دەستگیرکراوانە بەشێوەیەکی سەرەکی پیاوانێک بوون کە لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە لە نزیکەی ٢٠ ناوەندی دەستبەسەرکردندا لە ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە بەڕێوە دەبران، بەڵام دوای ڕێککەوتنی تێکەڵکردنەوەی هەسدە لەگەڵ حکومەتی سووریا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاسانکاریی کرد بۆ گواستنەوەی بەکۆمەڵی ئەم دەستگیرکراوانە بۆ عێراق.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، تا ئێستا بە تەواوی دیار نەکراوە چەند کەس لەو دەستگیرکراوانە دادایی دەکرێن یان لە زینداندا دەمێننەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٤٥٠ هاووڵاتیی سووری ئازاد بکرێن و ڕادەستی لایەنی سووری بكرێنەوە.
لە لایەکی ترەوە، ئەنجوومەنی دادوەری ئاماژەی بەوە کردووە کە لە لێکۆڵینەوەکاندا چەندین فەرماندەی باڵای داعش دەستنیشان کراون، لەوانەش کەمتر شەش گومانلێکراو کە تێوەگلاون لە تاوانی جینۆسایدی پێکهاتەی ئێزدی لە شنگال.
هەروەها وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە زیاتر لە ٢٠ هەزار هاووڵاتیی عێراقی پاش گەڕانەوەیان لە کەمپی هۆڵ لە سووریا، لە سەنتەری چاکسازی و تێکەڵکردنەوەی جەدعە لە باشووری مووسڵ خراونەتە ژێر پرۆسەی پشکنین و سەرلەنوێ تێکەڵکردنەوەی کۆمەڵایەتییەوە.