پێش دەستپێکردنی گەشتە فەرمییەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمریکی، ڕوانگەی ستراتیژیی حکومەتەکەی بۆ داهاتووی وڵات و شێوازی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن خستەڕوو، هاوکات ئاشکرای کرد، کە لەم سەردانەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کابینەکەی بە تەواوی پابەندە بە چەسپاندنی سەروەریی یاسا و هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا. عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی کەمتر لە 60 ڕۆژی ڕابردوودا، حکومەتەکەی هەنگاوی زۆر باش و کرداریی ناوە بۆ داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان و کۆنترۆڵکردنی تهواوهتیی دۆخی ئەمنی.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانەکەیدا بۆ "واشنتن پۆست" جەختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتی 30ی ئەیلوولی داهاتوو، کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراقدا، نابێتە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکان، بەڵکو دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێی هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکادا.
عەلی زەیدی گوتی: "ئێمە دەمانەوێت شێوازی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ واشنتن لە قۆناغی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و ململانێ سەربازییەکانەوە بگوێزینەوە بۆ قۆناغی خولقاندنی دەرفەتەکان. لە دیدارە چاوەڕوانکراوەکەشمدا لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، تەواوی گفتوگۆکانمان لەسەر پەرەپێدانی کەرتی وەبەرهێنان و ئابووری چڕ دەکەینەوە".
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە فەرمی بانگهێشتی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکای کرد بۆ ئەوەی بێنە ناو بازاڕی عێراق و لە کەرتە جیاوازەکاندا وەبەرهێنان بکەن. هاوکات دووپاتی کردەو، کە لە ژێر ڕۆشنایی ئاڵۆزییەکانی ئێستادا، عێراق سیاسەتێکی هاوسەنگ پێڕەو دەکات و خۆی لە هەموو جۆرە ململانێیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەدوور دەگرێت بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی.