میدیا عێراقییەکان لە زاری چەند سەرچاوەیەکی باڵاوە بڵاویان کردەوە کە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بڕیارە سبەی سەردانی دیمەشقی پایتەختی سووریا بکات و لەلایەن مەزهەر وەیس، وەزیری دادی سووریاوە پێشوازیی لێ بکرێت. هەروەها لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریاش کۆبێتەوە
ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە بریتییە لە بەدواداچوونی دۆسیە دادوەری و یاساییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەت تاوتوێکردنی زیاترکردنی هەماهەنگیی دادوەری لەبارەی ئەو چەکدارانەی ڕێکخراوی داعش کە لە ماوەی ڕابردوودا لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ زیندانەکانی عێراق.
هەروەها بڕیارە لەم کۆبوونەوانەدا باس لە پرسەکانی دادپەروەریی چۆنیەتیی پتەوکردنی شەفافیەت، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چەندین پرسی تری هاوبەشی نێوان بەغدا و دیمەشق بکرێت.