ئەمینداری ڕێکخراوی بەدر ڕایگەیاند کە کۆکردنەوەی چەک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا ئامانجێکی نیشتمانی و دەستوورییە، و دڵنیاییشی دا کە پرۆسەکە بەبێ هیچ کێشە و پێکدادانێک جێبەجێ دەکرێت.
هادی عامری، لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدی میحرابدا، ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێکخستنی چەک پڕۆژەیەکە بۆ بونیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز کە بتوانێت سەروەری و ئاسایشی وڵات بپارێزێت، و جەختیشی کردەوە کە ئەم بڕیارە تەواو خۆماڵییە و لە دەرەوە بەسەر عێراقدا نەسەپێنراوە.
عامری دڵنیایی دا کە بە هیچ شێوەیەک ڕووبەڕووبوونەوە و پێكدادان لە نێوان گرووپەکانی مقاوەمە و دەوڵەتدا دروست نابێت. هاوکات ئەوەشی خستە ڕوو کە پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بڕیاری تەواوی لایەنەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگییە و سەرۆکوەزیرانیش پشتیوانی دەکات و جێبەجێی دەکات.