بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) لە سەرانسەری عێراق لێ درا و ملیۆنان قوتابی گەڕانەوە هۆڵەکانی خوێندن.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕایگەیاند کە بۆ ئەم ساڵی خوێندنە، کۆی گشتیی ١٢ ملیۆن خوێندکار بەشداریی لە پرۆسەی پەروەردەدا دەکەن، کە لەو ژمارەیە زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار خوێندکاری نوێ پۆلی یەکەمی بنەڕەتییان دەست پێ کردووە.
هەروەها حکومەت ١٢٤ هەزار قوتابخانەی بۆ پێشوازی لە قوتابیان ئامادە کردووە.
لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندن لە ناوچە جێناکۆک و دابڕێنراوەکان، بە گشتی ١٢٥ هەزار خوێندکار بەشداریی لە خوێندنی کوردی دەکەن، کە لەو ڕێژەیە پشکی شێر بەر شاری کەرکووک کەوتووە و زیاتر لە ١٠٤ هەزار خوێندکار لەو شارەدا بە زمانی دایک دەستیان بە خوێندن کردووە.
بەهۆی دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی و چوونە دەرەوەی ملیۆنان قوتابی و کارمەندی کەرتی پەروەردە، میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە کە بەیانیی ئەمڕۆ شەقامەکانی بەغدا و چەندین پارێزگای تری وڵات ڕووبەڕووی قەرەباڵغییەکی نااسایی و ترافیکی قورس بوونەتەوە.